سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین پێشوازی لە وەزیری ژینگەی حکوومەتی عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هونەری، پێشوازیان لە د.جاسم عەبدولعزیز حەمادی وەکیل وەزیری تەندرووستی و ژینگەی عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنەکەدا باس لە دوایین کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین لە جنێف -سویسڕا کرا کە بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری هەبوو کە دەشێ لە چوارچێوەیدا ڕێکخراوە کۆمەکبەخشەکان هاوکاریی هەرێم و عێراق بکەن لە بەرنامەی کاروباری مین، هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان دەزگای گشتیی کاروباری مین و فەرمانگەی کاروباری مینی حکوومەتی فیدڕاڵ تەوەرەیەکی تری دانیشتنەکە بوو.
پاشان باس لە پڕۆژەی هاوبەشی کارکردن لە نێوان دەزگای مین و فەرمانگەی مینی بەغداد کرا بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لە ئەزموون و شارەزایی یەکتر لە بواری کاروباری مین وەربگرن و هاوکاربن لە نەهێشتنی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها باس لە تۆمارکردنی ئامارێکی درووست کرا بۆ قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە عێراق و هەرێم بۆ ئەوەی هاوکاریی قوربانیان لەو بوارەدا بکەن.
لە کۆتاییدا باس لە یاداشتی لێکتێگەیشتن کرا کە بڕیار وایە لەماوەیەکی نزیکدا لە نێوان دەزگای گشتیی کاروباری مین و فەرمانگەی کاروباری مینی حکوومەتی عێراق واژوو بکرێت.