دەزگای گشتی کاروباری مین پڕۆژەیەک بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی داتاو زانیارییەکان ئامادە دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری بە یاوەری عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/هەولێر بە ئامادەبوونی موخلیس شەریف بەڕێوەبەری چالاکیەکان، سەردانی کێڵگەمینێکیان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کرد، بە مەبەستی بەکارهێنانی ئامرازێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە و تاوتوێکردنی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لێیان بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی داتا و زانیارییەکانی کاروچالاکیەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری هونەری پڕۆژەیەکی نوێی بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی داتاو زانیارییەکان ئامادە کردووە، ئەمڕۆش وەک یەکەم هەنگاو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/ هەولێر تاقیکرایەوە و بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکدا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت بۆ پێکەوە بەستانی سەرجەم داتاو زانیارییەکانی تایبەت بە بەرنامەی کاروباری مین لە کوردستاندا.