Skip to the content

کرێکارانی کارگەکانی تواندنەوەی ئاسن لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ھۆشیار دەکرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێوەبەرایەتی ھۆشیارکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی لە ڕۆژانی یەکشەممە و دوو شەممە و سێشەممە لە بەرواری ٢٩ تا ٣١ی ئایاری٢٠٢٢، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ھەر یەک لە کۆمپانیاکانی سلێمانی ستیل و ماس سۆپەر ستیلی لە قەزای بازیان بەسەر کردەوە، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ھۆشیارکردنەوەی کرێکارانی ئەو کارگانە بوو له‌ ڕێگه‌ی ناساندنی مین و تەقەمەنییەکان و شێوازی خۆ پارێزی لەکاتی كارکردن لە کارگەکانیاندا ، چونکە سەرجەم ئەو کارگانە ھەموو جۆرە ئاسنێک دەتوێننەوە و زۆرجار مین و تەقەمەنییەکان لەنێو ئەو ئاسنانەدا بوونی دەبێت و چەندین جار ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، لەم چالاکییانەشدا ٨١ کرێکاری ناوخۆیی و بیانی بەشدار و سوودمەندبوون.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانیەوە  لە سنووری پارێزگاکان بەردەوام كار ده‌كات بۆ ھۆشیارکردنەوەی سەرجەم کۆمپانیاکان و ھەموو ئەو شوێن و لایەنانه‌ی کە پێویستییان پێیه‌تی تاكو لە کارەساتی مەترسییەکانی مین و پاشماوە جەنگییەکان بەدوور بن.