بنکەی بووژانەوەی جەستەیی له شاری ههولێر، خزمهت به سهدان كهمئهندام دهكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و پێداویستییەکان، سەردانی پڕۆژەی دروستکردنی بنکەی بووژانەوەی جەستەیی سەر بە کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە پارێزگای هەولێر کرد.
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ویڕای سوپاس و پێزانین بۆ خاچی سووری نێودەوڵەتی سەبارەت بە دروستکردنی ئەم بنکەیە و هاوکاریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دروستکردنی پەلی دەستکرد و ڕاهێنانی کەسانی کەمئەندام،
هیواشی خواست خاچی سووری نێودەوڵەتی لە دابینکردنی پێداویستیەکان و ئامێرەکانی ئەو بنکەیە و پەرەپێدانی بەردەوامبن، چونکە لە ڕووی مرۆڤایەتیەوە ئەرکێکی پیرۆزە بەتایبەت خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و هەموو ئەوانەی کە پێویستییان بەو بنکەیە هەیە.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە ساڵی ١٩٩٣وە پشتگیریی بووژاندنەوەی جەستەیی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکات و خزمەتگوزارییەکانی بنکەی بووژانەوەی جەستەیی هەولێریش ، بریتییە لە پەلی دەستکرد، کورسی چەرخدار و ئامرازەکانی جووڵە، خزمەتگوزاری پێی چەماوە کە شێوازێکی پۆنسێتی تێدا بەکاردێت لەگەڵ پشتگیریکردنی بنکەکانی دیکەی پێی چەماوە و خولی ڕاهێنان بۆ ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکانییان ئیفلیجن و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لە پێناو باشترکردنی دۆخی کەمئەندامان، بنکەی بووژاندنەوەی جەستەیی لەسەر ڕووبەری ١٤هەزار و ٦٣٠مەتر دووجا بونیاد نراوە و لە ئێستادا سەدان كهمئهندام سوود لەو بنکەیە وەردەگرن.