دوای لابردنی ژمارەیەک مین و تەقەمەنی، کاری نۆژەنکردنەوە لە دوو ڕێگهی سەرەکی پارێزگای ههولێر دەستی پێکردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دەزگای گشتی کاروباری مین لە بەردەوامیی کارو چالاکیەکانیاندا لە ڕێگەی تیمی لە ناوبردنی تەقەمەنیە نەتەقاوەکان (EOD)، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/ هەولێر، ژمارەیەک مین و تەقەمەنی جەنگی لە هەریەکە لە گوندەکانی ( ئێنێ و خۆشکان) لەسەر ڕێگهی سەرەکی حاجی ئۆمەران لە سنووری قەزای چۆمان و هەروەها ڕێگهی سەرەکی ناحیەی هیران لە قەزای شەقڵاوە پووچەڵ كردهوه.
دەرکەوتنی ئەو مین و پاشماوە جەنگیانە وێڕای مەترسییان لەسەر هاووڵاتیان، هۆکاری وەستانی کاری نۆژەنکردنەوە بوو لە هەریەکە لە ڕێگهی سەرەکی حاجی ئۆمەران و هیران لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوای پاککردنەوه و نەهێشتنی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی، کارکردن لە هەردوو ڕێگهکە دەستی پێکردەوە.