شاندێکى باڵاى دەزگاى مین سەردانی سویسرا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، شاندێکى باڵاى دەزگاى گشتى کاروبارى مین لەسەر بانگهێشتى فەرمى سەنتەرى جنێفى نێودەوڵەتى بۆ کاروبارى مینى مرۆیى بە سەرۆکایەتى جەبار موستەفا و بە یاوەرى جەلال جەعفەر بەڕێوەبەری گشتی کاروبارى مینى گەرمیان بەشدارى لە (٢٥)ە مین کۆبوونەوەى ساڵانەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى کاروبارى مین لە جنێف / سویسرا دەکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە گەورەترین کۆبوونەوەى ساڵانەى نێودەوڵەتییە کە بەڕێوەبەرانى نیشتیمانى و ڕاوێژکارانى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى مین تیایدا بەشدارى دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاو شارەزاییەکان و ئاگاداربوون لە شێوازە نوێیەکانى پرۆسەى پاکسازى مین و هۆشیارکردنەوە لە مەترسى مین و تەقەمەنى. هەروەها ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێکە بۆ کۆکردنەوەى کۆمەڵگەی مەدەنی و وڵاتان و کۆمەڵگەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە بۆ گفتوگۆکردنى پرسە هەنوکەیییەکانى تایبەت بە کاروبارى مین، ئەمساڵ بابەتەکانی گفتوگۆ بریتی دەبن لە: پەیوەندیی مرۆیی-گەشەپێدان-ئاشتی، بەڕێوەبردنى زانیارییەکان، یەکسانی، هەمەجۆریی و گشتگیری، داهێنانەکان لە بوارى هۆشیارى و دارایی لە کاتی نادڵنیاییدا.
بڕیارە شاندى دەزگا کۆمەڵێک کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرى وڵاتانى کۆمەکبەخش و ڕێکخراوەکانى بوارى کاروبارى مین بە مەبەستى دابینکردنى پاڵپشتى بۆ دەزگاى گشتى کاروبارى مین ئەنجام بدات.