سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە گهڵ شاندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی(iMMAP) كۆبۆوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ڕێکەوتی٧/ئاداری ٢٠٢٢ی زاینی ، جەبار مستەفا ڕەسوڵ سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی سەلام محمد بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هونەری لە سەرۆکایەتی دەزگای مین پێشوازیان لە فرانچیس بەڕێوەبەری ڕێکخراوی(iMMAP) لە عێراق و کوردستان و شاندی هاوڕێی کرد.
ئامانج لهم كۆبوونهوهیه هەماهەنگی و پاڵشتیکردن و گۆڕینەوەی زانیاری بوو لەنێوان هەردوولادا بە ئامانجی بەرهوپێشبردنی بەرنامەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان .
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری و بە سیستەماتیکكردنی داتاو زانیارییەکانی دەزگای مین کرا بە شێوازێک کە لەگەڵ پێوەر و ستاندەری جیهانی بگونجێت بەتایبەت لە بواری قوربانیان و ڕووپێوی مین و تەقەمەنی، بۆ زیاتر بەرەوپێشەوە بردنی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان.