Skip to the content

دەزگای گشتی کاروباری مین لە وەرزی بەهاردا گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیاری چڕتر دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ١/ئازاری ٢٠٢٢ی زاینی بە بۆنەی هاتنەوەی وەرزی بەهار و بۆنەکانی  ئادار و نەورۆز و  گەشت و سەیرانی هاووڵاتیان،  تیمەکانی هۆشیارکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سنووری پارێزگاکان بەردەوامن  لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان، بۆ ئەو مەبەستە  تیمەکانی هۆشیارکردنەوە  لەسەرجەم  بەڕێوەبەرایەتیەکان ،هۆڵەکانی خوێندن بەسەر دەکەنەوە و پەیامەکانی هۆشیاری بە قوتابیان  و خوێندکاران دەدەن و ئامۆژگاریان دەکەن کە نزیک نەبنەوە لە شوێنە مەترسیدارەکان و پارچە تەقەمەنیەکانی جەنگ، هەروەها تیمەکانی هۆشیارکردنەوە لە ڕێگەی نمایشکردن و شانۆوە  پەیامەکانی هۆشیاری دەگەیەنن بە قوتابیان  و تێیان دەگەیەنن کە هەر مامەڵەکردنێک لەگەڵ مین و تەقەمەنی و پارچە نەتەقیوەکانی جەنگ  کارەساتی لە دواوەیە .
لە لایەکی ترەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان تیمەکانی هۆشیارکردنەوە  لە بازگە و ئەو شوێنانەی نزیکن  لە دانیشتووان  بەردەوام پەیامەکانی هۆشیاری بە خەڵک دەدەن  بۆ ئەوەی خۆیان و کەس و کاریان بپارێزن لە ڕووداوی نەخوازراو و نزیک کێڵگە مینەکان نەکەون تاوەکو لەلایەن  دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە پاک نەکرێتەوە لە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان.
 
لە لێدوانێکیش دا بۆ ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین جەبار مستەفا ڕەسوڵ سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتی"ساڵانە بە تایبەت  لە وەرزی بەهار و چوونی هاونیشتیمانیان بۆ دەر و دەشت و کەژ و کێوەکانی کوردستان، بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین تووشی ڕووداوی نەخوازراوی مین و تەقەمەنی دەبنەوە بە داخەوە چەندین ڕوودای لەو جۆرانە ساڵانە دووبارە دەبنەوە بۆیە  دەزگای گشتی کاروباری مین  لەڕێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی  پەیامەکانی هۆشیاری".
هەرێمی کوردستان  بەهۆی جەنگەکانیەوە کە لەسەدەی ڕابردوو لەسەر خاکەکەی کراوە بە تایبەت  جەنگی هەشت ساڵەی نێوان  هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بەشێکی  زۆری خاکەکەی بە مین و تەقەمەنی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پیسکراوە، زیاتر لە ١٤هەزار هاووڵاتی بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی،  لە دوای  ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش  دەستکراوە بە پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکانی بە مین و تەقەمەنی لە%٦٥ی ڕووبەری پیسبوو پاککراوەتەوە %٣٥ی  ڕووبەری پیسبوو ماوە کە دەزگای گشتی کاروباری مین ڕۆژانە لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارییەوە بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیاریی بە هاووڵاتیان.