لە سنووری پارێزگهی دهۆک سەدان مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لە ناوبران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە درێژەی کاروچالاکیەکانی دا تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین - دهۆک ژمارەیەکی زۆر لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی نەتەقاوە لە پڕۆسەیەکدا لەناو دەبات.
لە ئەنجامی کاری بەردەوامی تیمەکانی مینلابەری لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقاوەکان پوچەڵ دەکرێنەوە لە پڕۆسەیەکدا لەلایەن تیمی تەقاندنەوە و لەناوبردن سەرجەمی ئەو پاشماوە ترسناکانە لە ناو دەبرێن، بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگای دهۆک لە سەرەتای (سێ) مانگی ئەوساڵ زیاتر لە (١٣٠٠) مین و تەقەمەنی کە خۆی دەبینیەوە لە چەندین کەرەستەی دۆزراوەی تەقەمەنی لە پڕۆسەیەکی تەقاندنەوەدا لە گوندی (ڕەشەورێ) لە ناحیەی زاوێتە بە ئەنجام گەیەنرا و تەقێندرانەوە، ئەمەش لە پێناو زیاتری سەلامەتی هاووڵاتیان و پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە مین و تەقەمەنی.
ئەو مین و تەقەمەنییه نەتەقاوانە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە، کە ساڵانە لە ئەنجامی پرۆسەی پاكسازی مین و پاككردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان بە هەزاران پارچە لە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لە ناوچە مینڕێژكراوەكان لە سنووری پارێزگهی دهۆک لەناو دەبرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەزگای گشتی کاروباری مین ئەركی كاروباری مین و تەقەمەنی و بۆمبی چێنرا و ڕادەپەڕێنێت لە سنووری پارێزگاكان كە خۆی لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی (هەولێر-سلێمانی –دهۆك-گەرمیان)دەبینێتەوە و ڕۆژانە بەردەوام تیمەکانی مینلابەری لە ئەرکدان بۆ پاکسازی مین لە هەرێمی کوردستان.