Skip to the content

سەدان جۆر مین و تەقەمەنی لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە لەنێو بران

هەولێر، هەرێمی کوردستان ( GOV.KRD)- دەزگای گشتی کاروباری مین لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیەوە لە سنوری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامە لە لەناوبردن و پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگ کە بوونەتە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان و پیسکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.
لە پارێزگای هەولێر و لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر لە سنوری قەزای کۆیە، تیمەکانی مینلابەری، دەیان مینی دژە کەسیان لە سێ کێلگە مین لە گوندی (سوسێ)ی سەر بە ناحیەی شۆرش دۆزیەوە و  لە چالاکیەکدا لە لایەن تیمی لە ناوبردن (EOD)، تەواوی مینەکان لە تەقەینەوەیەکدا لە ناوبردران کە ژمارەیان (٦۳) مین و تەقەمەنی بوو و لە سنوری قەزای چۆمانیش ژمارەیەک پاشماوەی جەنگی لە جۆری بۆمبی هێشویی گواسترانەوە بۆ  شوێنی سەلامەت بۆ ئەوەی لەناو ببرێن.
 
لە پارێزگای سلێمانیش  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین سلێمانی لەسنوری قەزای پێنجوێن بۆ جارێکی دیکە ٣٤ پارچە مین و تەقەمەنی لەناو بردران کە ١٩ مین و تەقەمەنیان لەلایەن تیمی تەقاندنەوە (EOD) لە کێڵگەی مینی (شێخە کوژراو)ی گوندی (کانی مانگا)ی سەر بە قەزای پێنجوێن لە نێو بردران .
لەلایەکی دیکەوە لە قەزای شارباژێر  ٢٣ مینی V69 و ٥ مینی VS50 لە تەقینەوەیەکدا لەناوبران. 
لە پارێزگای  هەڵەبجەش تیمەکانی مینلابەری لە کێڵگە مینی خۆرەتاوە سەختە لە گوندی ھاواری ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە چەند تەقەمەنییەکیان لەو کێڵگەیە گواستەوە ، بۆ لەناوبردن. 
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش ژمارەیەک مین و تەقەمەنی جۆراوجۆر لە تەقینەوەیەکدا لەناوبردران
لە ژێرچاودێری بەڕیوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مینی گەرمیان ژمارەیەک مینی دژەکەسی و تەقەمەنی جۆراوجۆر لە کێڵگە مینی (گردەگوڵە_C لە ناحیەی سەرقەڵا سەربەقەزای کفری لە تەقینەوەیەکدا لەناوبردران
ئەم تەقەمەنییانە بریتی بوون لەژمارەیەک مینی دژەکەسی و پارچە تەقەمەنی نەتەقێنراوی جۆراو جۆر، کە لە ئەنجامی کاری ڕۆژانەی هەردوو تیمی مینلابەری دەستی (GD1) و (GD3)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/گەرمیان دۆزرابوونەوە.
ئەم کێڵگەمینە لە مانگی (٩)ی ئەم ساڵەوە دەستکراوە بەکاری پاکسازی تێیدا و کارکردن تێیدا بەردەوامە، واچاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی مانگی (١٢)ی ئەم ساڵ کاری پاکسازی تێیدا تەواو بکرێت
لە پارێزگای دهۆکیش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین - دهۆک ٢٤١ مین و تەقەمەنی بۆ شوێنی سەلامەت گواستەوە بەمەبەستی لەناوبردن و نەهێشتنی مەترسیەکانی لەسەر گیانی هاوڵاتیان  و بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان لە تەقینەوەیەکدا لەناوببرێن.