دەزگای گشتیی کاروباری مین و سەرۆکی بەرنامەی (UNMAS) تاووتوێی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەکەن
هەولێر، هەرێمی كوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین، بەئامادەبوونی عەلی میران، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری هونەری، پێشوازیان لە پێرلۆد هامەر سەرۆکی بەرنامەی فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین (UNMAS) لە عێراق كرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا لەسەر پاڵپشتی و هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوانیان هاوڕا بوون.
سەرەتا جەبار مستەفا ڕۆڵی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری مین (UNMAS) لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، کە لە ڕابردوو و ئێستاش هاوکار و پاڵپشتی بەرنامەی کاروباری مین بوون، هیوای خواست هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانیان زیاتر بێت بۆ پاڵشتیكردنی زیاتری دەزگای گشتیی کاروباری مین لە راپەڕاندنی كاروبارەكان، بەتایبەت لە دابینكردنی فەند بۆ پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مین و تەقەمەنی، هەروەها کردنەوەی خولی جۆراوجۆر بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی دەزگای گشتیی کاروباری مین لەو بوارە.
پێر لۆد هامەر دڵنیایی دا کە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتوووەکان بۆ کاروباری مین بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی نەهێشتنی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.