هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا لە بواری پاککردنەوەی مین هاوکاری دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتی ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، بە ئامادەبوونی هەریەک لە نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و عەلی میران، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هونەری، پێشوازیان لە ڤاغیناک سارگسیان بەڕێوەبەری سەنتەری دیماینەری ئەرمەنی و ئارشاک مانۆکیان کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا لە کوردستان و وەفدی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا تاووتوێی بەرنامەی کاروباری مین لە کوردستان و ئەرمینا کرا کە هاوکات هەردوو وڵات ئەزموونیان لە بواری گیرۆدەبوون بە مین و تەقەمەنی هەیە و قوربانیان لەو ڕووەوە هەیە.
بۆیە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانیان، بەرنامەی کاروباری مین لە نێوان دەزگای مین و سەنتەری مینی ئەرمینیا زیاتر بەرەوپێش دەبات؛ بەتایبەت بۆ دۆزینەوەی فەند و پشتگیریی نێودەوڵەتی.
بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا دەزگای گشتیی کاروباری مین پڕۆپۆزەڵ ئامادەبکات و سەنتەری ناوبراویش هەوڵی پەیداکردنی هەلی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی بدات، بە ئامانجی خێراترکردنی پڕۆسەی پاکسازیی مین لە هەرێمی کوردستاندا.