Skip to the content

تیمەکانی هۆشیارکردنەوەی دەزگای گشتيی کاروباری مین لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیيان بەردەوامن

رۆژانە لەلایەن دەزگای گشتيی کاروباری مینەوە، تیمەکانی هۆشیارکردنەوە، لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیيەکانی دەزگای مین، گوند و لادێکان بەسەر دەکەنەوە و پەیامەکانی هۆشیاریکردنەوەیان پێ دەدەن، و ئامۆژگاریيان دەکەن لە شوێنە مەترسیدارەکانی مین و تەقەمەنیيەکانی جەنگ نزیک نەبنەوە.
لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا جه‌بار مسته‌فا ڕه‌سول، سەرۆکی دەزگای گشتيی کاروباری مین گوتی: بە داخەوە ساڵانە ژمارەیەک لە هاووڵاتیيان بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای گشتيی کاروباری مینه‌وه‌، تووشی ڕووداوی نەخوازراوی مین و تەقەمەنی دەبنەوە دەزگای گشتيی کاروباری مینیش لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوەوه‌ بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی هۆشیاری لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بەبێ جیاوازی، بە تایبەت ناوچە گوندنشینەکان، کە نزیکن لە کێڵگە مینەکان، هەروەها شوێنە گەشتیارييه‌کان، کە بەشێک لە ڕێگە سەرەکیيەکانی بە تابلۆی گەورە، ئاگه‌داری هاووڵاتیيان دەکرێتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە ناوچە مەترسیدارەکان.
تیمەکانی هۆشیارکردنەوەی دەزگای گشتيی کاروباری مین، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیيە گشتیيەکانی سنووری پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان، بەردەوامن لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیيان لە مەترسیيەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی هۆشیارکردنەوە لە پارێزگه‌ی سلێمانی، گوندەکانی دەشتی تلێ و کێلێ لە شارۆچکەی ماوەت و گۆڕەدێم و خمانە لە شارۆچکەی شارباژێڕ، هەڵسان بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاری بۆ گوندنشینان، بە مەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی.
لەلایەکی ترەوە تیمەکانی هۆشیارکردنەوە لە سنووری پارێزگه‌ی دهۆک پەیامەکانی هۆشیاریيان بە شوێنە گەشتیارييەکان دا و ڕێنماییان کردن نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان نەکەون.
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش خولێکی تۆپی پێ بۆ(١٠) فێرگەی سنووری ئیدارەی گەرمیان کرایەوە،لەلایەن ڕێکخراوی (ڕۆحی تۆپی پێی نێودەوڵەتی) بە سەرپەرشتيی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مین/گەرمیان کرایەوە، بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و پارچە تەقەمەنيی جەنگيی نەتەقیو، پەیامەکانی هۆشیارکردنەوە بە بەشداربووانی خولەکە درا.
جێگەی ئاماژەیە هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەکانەوە، کە لە سەدەی ڕابردوو لەسەر خاکەکەی کراوە، بە تایبەت جەنگيی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، بەشێکی زۆری خاکەکەی بە مین و تەقەمەنی، لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پیس کراوە، نزیکەی ١٤هەزار هاووڵاتی بەهۆیەوە بوونەتە قورباينی مین و تەقەمەنی، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، دەست کراوە بە پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکانی بە مین و تەقەمەنی لە ٦٥%ی ڕووبەری پیسبوو پاککراوەتەوە ٣٥%ی ڕووبەری پیسبوو ماوە، کە دەزگای گشتيی کاروباری مین ڕۆژانە لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارییەوە بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیاری بە خەڵک و هاووڵاتیيان بۆ ئەوەی تووشی ڕووداوی نەخوازراو نەبنەوە.