Skip to the content

له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران حه‌وت كێڵگه‌مین دوای پاككردنه‌وه‌یان ڕاده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كرانه‌وه‌

له‌ ڕێوڕسمێكدا و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتيی جه‌بار مسته‌فا، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتيی كاروباری مین، ئاماده‌بوونى هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌لی میران، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتيی كاروباری ته‌كنیكی و عه‌لی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتيی كاروباری مینی هه‌ولێر و شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سڵۆڤینیا و خاتوو كاترینا، به‌رپرسی ڕێكخراوی ITF و جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سۆران، له‌ سنووری قه‌زاكانی چۆمان، مێرگه‌سۆر و ڕه‌واندوز، حه‌وت كێڵگه‌مین دوای پاككردنه‌وه‌یان ڕاده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كرانه‌وه‌.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا جه‌بار مسته‌فا ڕایگه‌یاند: ده‌زگای مین به‌ هه‌موو توا ته‌كنیكی و مرۆییه‌كانیه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وام دایه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی خاكی كوردستان له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خۆشبه‌ختانه‌ تواندراوه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا تیمه‌كانى مینلابه‌ری، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تيی گشتيی كاروباری مینی هه‌ولێر،حه‌وت كێڵگه‌مین پاكبكه‌نه‌وه‌ و ڕووبه‌رێكی پاكتر پێشكه‌شی خه‌ڵك و گه‌لی كوردستانی بكه‌ن.
له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكى ده‌زگاى گشتيى كاروبارى مين گوتی: سوپاسی گه‌ل و حكومه‌ت و وڵاتی سلۆڤینیا و ڕێكخراوی (ITF) ده‌كه‌ین، كه‌ بۆ سێیه‌م ساڵه‌ پاڵپشتيی ده‌زگای مین و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن، به‌ دابینكردنی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌، بۆ تیمه‌كانی مینلابه‌ری، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كێڵگه‌مین به‌و پاڵپشتیيه‌ پاك كراونه‌ته‌وه‌. هیوادارین هاوكاری و پاڵپشتیيه‌كانیان به‌رده‌وام بن، بۆ خێراتركردنی پرۆسه‌ی پاكسازيی مین له‌ هه‌رێمی كوردستان.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ له‌و كێڵگه‌مینانه‌دا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ناوبراون و هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ هه‌زار و ٤٦٢ مینی دژه‌كه‌سی و مینی دژه‌تانك و (١٢،٩٠٠)، ته‌قه‌مه‌نی نه‌ته‌قاوه‌ی جۆراوجۆر، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی مینلابه‌ری هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ و له‌ناوبراون.