Skip to the content

لە سه‌رجه‌م پارێزگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بە سەدان مین و تەقەمەنی له‌ناوبران

به‌ مەبەستی لەناوبردنی مین و پاشماوە جەنگیيە نەتەقاوەکان دەزگای گشتيى كاروبارى مین لە هەریەک لە پارێزگه‌کانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بۆ نەهێشتنی مەترسیيەکانی مین و تەقەمەنی، بە سەدان مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی لەناو دەبات.

بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینى هەولێر
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەچیای گۆڕەز 23 بیست و سێ مینی دژەکەس لە جۆرەکانی V69 و POMZ 1 و یەک پاشماوەی تەقەمەنيی جەنگی، لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنيی نەتەقاوە لەناوبران.

بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینى سلێمانی
چەند گولەتۆپێکی "١٠٥ ملم" لەناو زەويی هاووڵاتیيەکدا، لە گوندی قەمچوغەی کۆنى شارەدێی سوورداش سەر بە شارۆچکەی دووکان لەناوبران.

بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینى دهۆک
لە ناحیەی سێمێل لە پارێزگای دهۆک ٧٦٠ مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگيی نەتەقاو کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق دەگەڕایەوە، لە تەقینەوەیەکی سەرکەوتووانەدا، سەرجەميان لەناوبران.

جێگەی ئاماژەيه‌ تیمەکانی دەزگای گشتيى كاروبارى مین ڕۆژانە لە هەوڵی بەردەوام دان، بۆ نەهێشتن و لەنابردنی سەرجەم ئەو مین و تەقەمەنیيە نەتەقاوانەی بوونەتە مەترسی بۆ سه‌ر گیانی هاووڵاتیيان و تا ئێستاش بە هەزاران مین و تەقەمەنیيان لەناو بردووە.