Skip to the content

دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی رابردوو ڕادەگەیەنێت

رۆژی دووشەممە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی ساڵی ٢٠٢٣ی ڕاگەیاند.
 
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەدا کە بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی زیادی کردووە و به‌ هه‌زاران مین و تەقەمەنیش لە ناوبراون. هەروەها ژمارەی شەهید زیاتر و کەمئەندامبووانیش به‌راورد به‌ ساڵی پێشتر کەمتربووه‌.
 
جەبار مستەفا راشیگەیاند: ''لەوساڵەدا بەهەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی مینلابه‌ری دەزگای مین و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان توانراوە ٢ ملیۆن و ٨٠٣ هەزار و ٣٢٦ مەتردووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە لە چاو ساڵی پێش خۆی رووبه‌ری پاككراو زیاد كراوه‌، کە خۆی لە ٣٣ کێڵگە مین و١١ شەڕگە دەبینێتەوە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتوانرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان به‌کاربهێنرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە.''
 
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی، کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە ٣ هەزار و ٨٤٩ مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک بوون. هەروەها زیاتر لە ٦ هەزار و ٢٨٤ پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو لەخۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنییەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی  هه‌زاران هاووڵاتی و گیانلەبەران و ژینگە.
 
جەبار مستەفا دڵگرانی خۆی بە ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند:" لەوساڵەدا ٢٣ بەرکەوتوو بە ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣ی تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە."
 
 سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ژمارەی سودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاند کە خۆی لە ٨٥ هەزار کەس لە پیاو ئافرەت و منداڵ دەبینێتەوە بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.