دەزگای گشتيی کاروباری مین سەدان پاشماوەی تەقەمەنی و جەنگی پوچەڵ كردهوه
ڕۆژى دووشهممه ٢٩ ى تەممووزى ٢٠٢٤, جهبار مستهفا, سەرۆکی دەزگای گشتيى كاروبارى مین له لێدوانێكدا ڕايگهياند: " تیمەکانمان لە سەرتاسەری کوردستان، ڕۆژانە لە هەوڵی پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکانی مین و تەقەمەنین، ههروهها تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی(EOD)، لەدوای دەوامی فەرمیيش بهردهوامن له هەڵگرتنەوەی پاشماوە جەنگیيەکان لە ناوچە جیاوازەکانى ههرێمى كوردستان, كه لەلایەن هاووڵاتیيانەوە ئاگهدار كرابوونهوه له بوونى گوللهتۆپ و هاوەن و تەقەمەنیيەکانی تری جەنگی و مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیيانيش دروستبوو بوو, خۆشبەختانە پوچەڵکرانەوه و هیچ مەترسیيەك بۆ سەر گیانی هاووڵاتیيان نەماوە".
سەرۆکی دەزگای مین داوا لە هاووڵاتیيان دەکات لەکاتی بینینی هەر پاشماوەیەکی جەنگی، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکەن و لێی نزیک نەبنەوە، بەڵکو پێویستە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی خۆڕایيی ١٨٢ی دەزگای مینەوە بکەن، بە مەبەستی پوچهڵكردنهوه و لەناوبردنیان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگهی هەولێر، زیاتر لە (٣٢) پاشماوەی تەقەمەنيی جەنگی لە گوندی سێلکێ، سەر بە ناحیەی شێروان مەزن و گوندی نزاری، سەر بە قەزای سیدەکان پوچەڵ کرانەوە، ههروهها لە پارێزگهی سلێمانی زیاتر لە (٦٠) پاشماوەی جەنگی لە گوندی کانی شایا، لە شارۆچکەی بازیان بۆ شوێنێکی پارێزراو گواسترانەوە، بە مەبەستی لهناوبردنيان, لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو، تیمی لهناوبردنی تەقەمەنی (EOD)، توانیان پاشماوە جەنگیيەکانى چەند گوللەهاوەن و گوللە تۆپێکی نەتەقاوە بگوازنەوە شوێنی سەلامەت، بە مەبەستی لەناوبردنیان.