Skip to the content

دەزگای گشتيی کاروباری مین دەیان تابلۆی هۆشیارکردنەوە لە ڕێگە سەرەکیيەکان دادەنێت

له‌ به‌رده‌واميى كاروچالاكييه‌كانى، ڕۆژى یەکشەممە ٢٧ى نیسانی ٢٠٢٥، دەزگای گشتيی کاروباری مین، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتيیان لە مەترسیيەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیيەکان، دەیان تابلۆی قەبارەگەورەى لە ڕێگە سەرەکیيەکان و ڕێگە گەشتیارييه‌کان له‌ سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى كوردستان دانا.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینی هەولێر، لە چیای ڕۆڵەى شارۆچكه‌ى ڕه‌واندوز، چەند تابلۆیەکی هۆشیارکردنەوە لە مەترسیيەکانی مین و پاشماوەی تەقەمەنيی جەنگی دانران. هه‌روه‌ها لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینی دهۆک، لە سنووری شارۆچكه‌ى ئامێدی، چەند تابلۆیەکی گەورەی هۆشیارکردنەوە لەسەر ڕێگە گەشتیارییەکانی سنوورەکە داندران.
بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مينى گەرمیان لە دوو ئەرکی جیادا هەڵسان بە دانان و نوێکردنەوەی چەند تابلۆیەکی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیيان لە مەترسیيەکانی مین و تەقەمەنی لە هەر یەک لە سنووری ناحیەکانی مەیدان و قۆرەتوو.
لەلایەکی ترەوە تیمی هۆشیارکردنەوە لە مەترسیيەکانی مین و تەقەمەنی هەڵسان بە دانانی تابلۆیەکی هۆشیارکردنەوەی قەبارەگەورە لە سەر ڕێگای سەرەکيی کەلار- سلێمانی
ئەم تابلۆیانە دانیشتووانی گونده‌كان و ئەو هاووڵاتیيانەی سەردانی ئەم ناوچانە دەکەن ئاگه‌دار دەکاتەوە سەبارەت بە هەبوونی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنيی لە سنوورەكه‌.