تیمەکانی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی لە سەرانسەری کوردستان لە گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیارکردنەوە بەردەوامن

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ڕێگەی تیمەکانی هۆشیارییەوە، هەڵمەتی چڕی بۆ گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیاری لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی دەست پێکرد؛ بۆ ئەو مەبەستە لە گەرمیان تاوەکو زاخۆ ڕۆژانە بەردەوام تیمەکانی بۆ ناوچە سنورییەکان و ئەو ناوچانەی نزیکن لە کێڵگەمینەکان دەردەچێت.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، تیمەکانی هۆشیارکردنەوە بە ئامانجی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاریی بۆ دانیشتوانی گوندەکانی سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران، پەیامەکانیان گەیاندە بەشێک لە گوند نشینانی سنوورەکە.
لەلایەکی ترەوە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ خێزانە کۆچەرییەکان لە مەترسیەکانی مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی کرا؛ تیمی هۆشیارکردنەوە سەردانی ژمارەیەک خێزانی کۆچەرییان لەسنووری هەردوو قەزای چۆمان و سیدەکان کرد. لە ڕێگای نمایشکردنی وێنەی جۆرەکانی مین و تەقەمەنی و پێدانی ڕێنماییی خۆپارێزی، کۆمەڵێک زانیاریی بەسوود و پێویستیان بەخێزانە کۆچەرییەکان دا.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، تیمەکانی بەشی هۆشیاری و پاڵپشتیی قوربانیانی مین، بەمەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی، لە ڕێگەی گەڕانی ماڵ بە ماڵەوە، هەستان بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاریی بۆ دانیشتوانی هەریەک لە گوندەکانی شەدەڵە لە شارەدێی سوورداشی سەر بە شارۆچکەی دووکان، گوندی دۆڵبێشک لە شارۆچکەی ماوەت، گوندی وەندەرێنە لە شارەدێی بەرزنجەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق، گوندی باراو لە شارەدێی سیتەکی سەربە شارۆچکەی شارباژێڕ.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک، تیمەکانی هۆشیارکردنەوە، لە گوندی قومری سەربە ناحیەی کانیی ماسی، هەستان بە پێشکەش کردنی چەندین سیمینار بۆ دانیشتوانی گوند، بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەیان لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان و نزیک نەبوونەوە لێیان بە ئامانجی خۆپاراستنیان.
تیمەکانی هۆشیارکردنەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی گەرمیان، بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی دانیشتوانی گوندی پاریاوڵەی بچوک لە سنووری ناحیەی پێباز، لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی، تیمەکانی هۆشیارکردنەوە هەستان بە دابەشکردنی تێنووس و لفلیت و هەڵواسینی پۆستەری هۆشیارکردنەوە لە ناو گوندەکەدا.
جێگای ئاماژەیە، کێڵگەمینی (مقڕ سریەکە) دەکەوێتە سنووری ئەم گوندە، بەهۆی زۆری ڕێژەی مینی دژەکەسیی تێیدا، یەکێکە لە کێڵگەمینە هەرە مەترسیدارەکان؛ بەو هۆیەوە داوا لە دانیشتوانی گوندی ناوبراو و ناحیەی پێباز دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لەو کێڵگەمینە، بۆ ئەوەی نەبێتەوە هۆی ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو، تاوەکوو لە ئایندەیەکی نزیکدا بەتەواوەتی پاک دەکرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە تیمەکانی هۆشیارکردنەوە، هەر لە ناحیەی پێباز سەردانی گوندی (ئاوەخێری)یان کرد؛ بەمەبەستی پێدانی پەیامەکانی هۆشیارکردنەوە بە دانیشتوانی گوندەکە.
هاووڵاتییانی خۆشەویست، لەکاتی مەترسی و لە حاڵەتی پەیوەندیدار بە مین و تەقەمەنیدا، پەیوەندی بە ژمارە (۱۸۲) بکە.
ژمارە (۱۸۲) هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانن بێبەرانبەر پەیوەندی پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە، لە هەبوونی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی.