دەزگای گشتيی کاروباری مین دوو كێڵگهمينى له سنوورى پارێزگهى دهۆك دواى پاككردنهوهيان ڕادهستى خاوهنهكانيان كردهوه
ڕۆژى پێنجشەممە ١١ى كانوونى يهكهمى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيی جهبار مستهفا، سەرۆکی دەزگای گشتيی کاروباری مین و بە ئامادەبوونی گوڕازد ڕێنچێلت، باڵیۆزی وڵاتی سلۆڤینیا لە عێراق و شاندی ڕێکخراوی نێودهوڵهتی بۆ پشتیوانيی ئاراميی مرۆڤایهتی (ITF)ی سلۆڤینیايى و هەر یەک لە بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری تەکنیکی و بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری مینی دهۆک و جێگری پارێزگاری دهۆک، ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنەوەی دوو کێڵگەمین له ناحیەی مانگێشکێ لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینى دهۆک بەڕێوەچوو.
جهبار مستهفا لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند: بەهۆی هاوکاری و پاڵپشتیيەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (ITF)ی سلۆڤینیايى، لە ماوەكانى ڕابردوودا، نزیکەی پێنج هەزار مین و تەقەمەنی لە هەرێمی کوردستان لەناوبراون. هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن مەتر دووجا ڕووبەری پیسبوو، کە خۆی لە ٨١ کێڵگە مین دەدا پاککراوەتەوە.
دووکێڵگەمین بە ناوەکانی (شیڤا جەها۲) و( کانی لاچکان) بە ڕووبەری ٦٠ هەزار مەتر دووجا، دوای پاککردنەوەی لەلایەن تیمەکانی مینلابەری بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینی دهۆک، بە هاوکاری و پاڵپشتيی دارایيی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (ITF)ی سلۆڤینیايى کاری پاکسازیيان بۆ ئەنجام دراوە. لە ئەنجامی ئهو پاککردنەوەش زیاتر لە ۳۱ مین و تەقەمەنی لێ دۆزراونهتهوه و سەرجەمیان لەناوبراون.