Skip to the content

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین پیشوازی لە باڵوێزی وڵاتی سلۆڤینیا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی دەزگا و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی، پێشوازیان لە گوڕازت رێنچێلت باڵیۆزی کۆماری سلۆڤینیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

سەرەتا سەرۆکی دەزگای مین سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی وڵاتی سلۆڤینیا کرد، لە پای ئەو هاوکارییانەی لە ڕێگەی ڕێکخراوی سندوقی متمانەی نێودەوڵەتیی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی مرۆیی (ITF)ی سلۆڤینییەوە پێشکەشی دەزگای گشتیی کاروباری مینیان کردووە؛ کە بۆتە هۆی پاککردنەوەی ڕووبەرێکی فراوان لە خاکی پیسبووی هەرێمی کوردستان و چەندین کێڵگەمین بەو هۆیەوە پاککراوەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە بوونی پەیوەندییەکی دروست و باش لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی (ITF)ی سلۆڤینی دەربڕی.

لای خۆیەوە باڵوێزی وڵاتی سلۆڤینیاش، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی، بەهۆی ئەوەی دەزگای مین وەک دەزگایەکی حکومیی توانیوویەتی ڕوڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت، لە پاککردنەوەی خاکی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان. هەروەها بەڵێنی دا لە هاوکارییەکانیان بۆ دەزگای مین بەردەوام دەبن، بۆ پاڵپشتیی بەرنامەی مینی دەزگای گشتیی کاروباری مین.