دەزگای گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای سلێمانی 6 کێڵگەمینی دوای پاککردنەوە ڕادەستی خاوەنەکانیان کردەوە
ڕۆژی سێشەمە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، لیژنەی ڕادەستکردنەوەی کێڵگەمینە پاککراوەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، هەستان بە ڕادەستکردنەوەی شەش کێڵگەمین، لە هەریەک لە گوندی پڵنگە لە شارەدێی زەلان، گوندەکانی ڕاوگان، ئەحمەد کلوان، کێلو و میراوا لە شارەدێی گەرمک؛ هەروەها ڕادەستکردنەوەی کێڵگەمینی زڕگوێز- سەرچاڵایی B، لە گوندی زڕگوێز لە شارەدێی تانجەڕۆ.
ڕووبەری هەر شەش کێڵگەمینە پاککراوەکە 90 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و لە ئەنجامی کاری پاکسازی و پاککردنەوەی کێڵگەمینەکان، هەزار مین و تەقەمەنیی تێدا دۆزرایەوە.
سەرجەم کێڵگەمینەکان لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، بە هاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی (ITF)، بۆ پشتیوانیی ئارامیی مرۆڤایەتیی سلۆڤینیایی، لە ڕێگەی دابینکردنی ئۆتۆمبێلەوە بۆ تیمەکان، پاک کراونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کابینەی نۆیەمدا، سەرجەم هەوڵەکانی خۆی بۆ پاککردنەوەی زۆربەی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی چڕکردۆتەوە؛ ڕۆژانە لە ڕێگەی تیمەکانیەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی بەردەوام دایە لە پاککردنەوەی کێڵگەمینەکان و لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیووەکان، کە مەترسین لەسەر گیانی هاووڵاتییان.