Skip to the content

شاندێکى باڵای دەزگاى مین بەشداریى لە بیست و دووه‌مین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی مینی دژەکەسيی "ئۆتاوا" لە سویسرا کرد

ڕۆژی دووشەممە، 1ی كانوونی یه‌كه‌می 2025، شاندێکى باڵاى دەزگاى گشتیی کاروبارى مین لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS)، بە سەرۆکایەتیی جەبار موستەفا سەرۆکی دەزگای مین و بەیاوەری نیازی خالید جێگری سه‌رۆكی ده‌زگا، بەشدارییان لە بیست و دووه‌مین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی مینی دژەکەسی لە سویسرا، کە بە شێوەی ساڵانە بەڕێوە دەچێت کرد.

جێگاى ئاماژەیە ناوەڕۆکی ئەو پەیماننامەیە بریتییە لە، قەدەغەکردنی بەکارهێنان و عەمبارکردن، دروستکردن و گواستنەوەی مینی دژەکەسی و لەناوبردنیان. ئەم پەیماننامەیە لە دوای چەندین هەوڵ و کۆششی وڵات و ڕێکخراوە مرۆییەکان، دواجار بە بەشداریی چەندین وڵات و ڕێکخراو لە ڕێکەوتی 3ی کانوونی یەکەمی 1997، لە شاری ئۆتاوا لە وڵاتی کەنەدا واژووکرا و لە ڕێکەوتی 1 ئازاری 1999 کەوتە بواری جێبەجێکردن؛ وڵاتی عێڕاق لە ڕێکەوتی 2007/8/15 واژووی کرد و لە 2008/2/1 خستیە بواری جێبەجێکردن.

بەپێی خشتەی دیاریکراو پێویست بوو عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە ساڵی 2018 خاکەکەی پاک بێت لە کێشەی مینی دژەکەسی، بەڵام بەهۆی زۆری و فراوانی ڕووبەری پیسبوو بە مینی دژەکەسی و نەبوونی پاڵپشتیی دارایی پێویست، نەتواندرا لە وادەی خۆی خاکەکەی لە مینی دژەکەسی پاک بکاتەوە.