Skip to the content

دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی ڕاگەیاند

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماری کاروچالاکیی ساڵی ٢٠٢٤ی ڕاگەیاند و گوتی: لەو ساڵەدا بە هەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی مینلابه‌ری دەزگای مین و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تواندراوە ڕووبەری نزیکەی سێ ملیۆن مەتردووجا لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، ڕووبه‌ری پاككراوە زیاد بووە، ئەمەش خۆی لە ٣٦ کێڵگەمین و ٧١ شەڕگە دەبینێتەوە. دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پرۆژەی ئابووری، وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون به‌کاربهێندرێن و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە.

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنییانە کرد، کە لە ڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگا و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لەناوبراون، کە ژمارەیان بریتی بووە لە ٢٥ هەزار و ٣٣٧ پارچە، کە مەترسی بوونە بۆ سەر گیانی هاووڵاتی، گیانلەبەران و ژینگە.

جەبار مستەفا ئاماژەی بە ژمارەی شەهید و برینداران کرد، کە لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند؛ لە ساڵی ٢٠٢٤دا یازدە بەرکەوتوو بە ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەشدا بەداخەوە چوار بەرکەوتوو گیانیان لەدەست داوە و حەوت بەرکەوتووش بریندار و کەمئەندام بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی قوربانییانی مین و تەقەمەنی لە سەرتاسەری کوردستان خۆشبەختانە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ کەمی کردووە.

سەبارەت بە ژمارەی سودمەندبووان لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی، سەرۆکی دەزگە باسی لەوە کرد کە ٧٢ هەزار و ٤٠٦ کەس لەو ساڵەدا لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی هۆشیار کراونەتەوە.