Skip to the content

ژمارەیەک مین و پاشماوەی جەنگیی نەتەقیوو لەناو بران

دەزگای گشتیی کاروباری مین  لە ئەنجامی بەردەوامی پرۆسەی پاکسازیی مین و تەقەمەنی، ژمارەیەک مین و پاشماوەی جەنگیی نەتەقیووی لەناو برد.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، دوای ئاگادارکردنەوە لەلایەن قائیمەقامیەتی قەزای ڕواندوز، بە دەرکەوتنی دوو مین لە بناری چیای هەندرێن، تیمی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و دوو مینی دژەکەس پووچەڵکرانەوە و گواسترانەوە بۆ کۆگای سەرکی.
لەلایەکی ترەوە لە بەردەوامی پرۆسەی مینلابردن لە کێڵگەمینی (کروکە زەرد) لەگوندی پیرۆمەر، سەر بە ناحیەی (سمیلان) لە قەزای (چۆمان)، کە تیمی مینلابەری دەستی (DE6) کاری لێدەکات، (٤٣) مینی دژەکەس لەلایەن تیمی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنیی پووچەڵکرانەوە؛ ئەم کێڵگە مینە یەکێکە لە کێڵگە مینە هەرە مەترسیدارەکان و ڕووبەرەکەی (٩٥٢٠٠) م٢ یە، ڕووبەری (٩١٧٠٠) م٢ لێ پاککراوەتەوە؛ تاوەکوو ئێستا (٢٩٢٢) مینی جۆراو جۆر و (١٤٠) پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگیی تیایدا دۆزراوەتەوە.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، تیمی تەقاندنەوە (EOD)، لە ئەرکێکدا لە گوندی (ئەحمەد کلوان) لە شارۆچکەی پێنجوێن، هەستان بە لەناوبردنی چەندین مین و پاشماوەی جەنگی، بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی؛ مین و پاشماوە جەنگییەکانیش بریتی بوون لە: (یەک گولە تۆپی ١٠٦ ملم، شەش گولە هاوەنی ٦٠ ملم، دوو نارنجۆکی دەستیی، دوو مین لەجۆری V69، یەکگولەیRPG).
لەلایەکی ترەوە  لە گوندی (قای نەیجە) لە شارۆچکەی سەیدسادق، تیمی تەقاندنەوە (EOD)، هەستان بە لەناوبردنی چەندین مین و پاشماوەی جەنگیی بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی؛ لە هەمانکاتدا ئەو مین و تەقەمەنییانەش لەناوبران کە پێشتر لە چالاکیی جیاجیادا، چارەسەرکرابوون و گوازرابوونەوە بۆ شوێنی پارێزراو؛ مین و پاشماوە جەنگییەکانیش بریتی بوون لە: (حەوت گولە هاوەنی ۸۲ملم، دوو گولە هاوەنی ١٢٠ ملم، پێنج گوللە هاوەنی ٦٠ ملم، دوو نارنجۆکی دەستی، یەک مین لەجۆر V69، سی وسێ فیوزی پی دی)
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک، لە ئەنجامی بەردەوامی لەناوبردنی مین و تەقەمەنیی لەلایەن تیمی تەقاندنەوە، هەستان بە لەناوبردنی ٢٤ مینی جۆری  V69، لەگەڵ شەش پارچە تەقەمەنی جۆراو جۆرUXO، لە گێڵگەمینی (سن سەخەر) لە ناحیەی زاوێتە.