زیاتر لە دوو هەزار مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەناوبران

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەکان، کە مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، لە چالاکییەکدا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر ٢١٧٥ مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی لەناوبران.
سەرجەم تەقەمەنییەکان لەلایەن تیمی لەناوبردنى تەقەمەنی EOD، لە چاڵی لەناوبردن لەسەر چیای بەردەبوک لە سنووری قەزای چۆمان، بە شێوازێکی کۆنترۆڵکراو و سەلامەت لەناوبران.
سەرجەم مین و تەقەمەنییەکان لە ئەنجامی پاکسازیی مین و تەقەمەنی، لەلایەن تیمەکانی مینلابەرییەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵگیرابوونەوە؛ خۆشبەختانە لە پڕۆسەیەکی تەقینەوەی سەرکەوتووانەدا سەرجەمیان لەناوبران.