پرۆسەی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لە سەرانسەری کوردستان بەردەوامی هەیە

ڕۆژى دووشەممە ١٢ى ئایاری ٢٠٢٥، دەزگای گشتيی کاروباری مین لە درێژەی کاروچالاکیيەکانیدا، لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکان، ژمارەیەک مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگيی نەتەقیو، دوای پووچەڵکردنەوەیان، سەرجەميان لەناوبردن. بۆ ئەو مەبەستە لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینی سلێمانی، لە چەند ئەرکێکی جیادا لە کێڵگەمینی (کەلکەشینکە) لە شارۆچکەی ماوەت هەڵسان بە لەناوبردنی چەندین مین و پاشماوەی جەنگیی، بەڕێگەی تەقاندنەوەی ناکارەبایی. لەلایەکی ترەوە لە شارهدێی گاپیلۆن و شارۆچكهی ماوەت، چەند پاشماوەیەکی ديكهی جەنگی، دوای پووچەڵکردنەوەیان سەرجەمیان لەناوبران.
لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری مینی دهۆکيش، له کێڵگەمینی (سن سەخەری)ى شارهدێی زاویتە، چهندين مين و تهقهمهنى لەناوبران.