لە کابینەی نۆیەمدا دەزگای مین لە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنی بەردەوامی بە کارەکانی دەدات
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژانە لە ڕێگەی تیمەکانیەوە لە سنووری پارێزگاکاندا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە، لە پوچەڵکردنەوە و لە لەناوبردنی ئەو مین و تەقەمەنییانەی لە ئەنجامی کاری پاکسازیی مین، دەدۆزرێنەوە و بوونەتە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان.
بۆ ئەم مەبەستە تیمی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین/هەولێر، لە سنووری قەزای چۆمان هەستان بە:
- لەناوبردنی بۆمبێکی فرۆکە لە گوندی (ئێنە)، کە لەکاتی کێڵانی زەوی لە لایەن جوتیاران دەرکەوتبوو.
- لەناوبردنی 22 مینی دژە کەسی لە جۆری (V69) و (١ یەک)، گوللەی (RPG) لە کێلگەمینی کارێزان A لەگوندی (مژدێنیان)، کە تیمی مینلابەری دەستیی (DE1) و تیمی میکانیکەل کاری لێدەکات.
لەلایەکی ترەوە دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانی دەڤەرەکە و خاوەن زەوی، داواکاریی زۆر هەبوو لەسەر پاککردنەوەی کێڵگەمینی سپیویا C لە گوندی (پیرئۆمەر) سەر بە ناحیەی (سمیلان)، دەستکرا بە کاری پاکسازیی کێڵگەمینەکە، لەلایەن تیمی مینلابەری دەستیی (DE6)؛ ڕووبەری کێڵگەمینەکە (1108م2) بوو، لە ئەنجامی کاری پاکسازیدا (29) مینی دژەکەس لە جۆری (VAR40) و (3) پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگیی دۆزرانەوە و سەرجەمیان لەناوبراون و ئێستا شوێنەکە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.
لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانیدا، تیمی شەشی مینلابەری دەستی، بە ئامادەبوونی دڵنیایی جۆریی دەرەکی، لە کێڵگەمینی شیوی قازیان، هەستان بە لەناوبردنی 35 مین و پاشماوەی جەنگی، بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی. لە هەمانکاتدا زیاتر لە 47 مین و پاشماوەی جەنگیی نەتەقیوو لەناوبران، کە پێشتر لە چالاکیی جیاجیادا پوچەڵ کرابوونەوە.
هەروەها تیمەکانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، لە کێڵگەمینی ملەی گەلی، هەستان بە لەناوبردنی 40 مین و پاشماوەی جەنگی، بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی.
لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک لە ناحیەی باتیفا، هەستان بە لەناوبردنی 10 مین و تەقەمەنیی جۆراوجۆر.