لەناوبردنی مین و پاشماوەی جەنگی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەوامە
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیەوە لە سنووری پارێزگاکان ڕۆژانە بەردەوامە لە پاککردنەوەی ناوچەپیسبووەکان و لەناوبردنی پاشماوەی جەنگی و تەقەمەنی، بۆ ئەم مەبەستە تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، لە گوندی قامیشی سەر بە شارۆچکەی ماوەت، هەستان بە لەناوبردنی زیاتر لە 30 مین و پاشماوەی جەنگی، بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی؛ لە هەمانکاتدا 105 مین و پاشماوەی جەنگیی لەناوبران، کە پێشتر لە چالاکیی جیاجیادا چارەسەرکرابوون و گوێزرابوونەوە بۆ شوێنی پارێزراو.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆکیش، لە کۆمەڵگای باگێڕا 10 مین و چەندین تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی دوای دۆزینەوە و پوچەڵکردنەوەیان، سەرجەمیان لەناوبراون.
لەلایەکی ترەوە لە چەند ناوچەیەکی جیا لە پارێزگای دهۆک و زاخۆ، 57 مین و تەقەمەنیی لەلایەن تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک لەناوبران .
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کابینەی نۆیەم بۆ لەناوبردنی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی، هەوڵەکانی چڕتر کردۆتەوە، کە مەترسیی بەردەوامن بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان؛ بۆ ئەم مەبەستەش لەم کابینەیەدا تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 52 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە و زیاتر لە 147 هەزار مین و پارچەی تەقەمەنیش پووچەڵ کراونەتەوە.