دەزگای گشتیی کاروباری مین کێڵگەمینێکی دوای پاککردنەوە ڕادەستی خاوەنەکەی کردەوە
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، لیژنەی ڕادەستکردنەوەی کێڵگەمینە پاککراوەکان، هەستان بە ڕادەستکردنەوەی پارچە زەوییەک کە پێشتر کێڵگەمین بووە بەناوی "مەحمود خان" لە گوندی قڕگەی سەر بە شارەدێی تانجەرۆ.
ڕووبەری کێڵگەمینە پاککراوەکە ١٣٢٤٦٤ م٢ سەد و سی و دوو هەزار و چوار سەد و شەست و چوار مەتری چوارگۆشەیە و لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، بە هاوکاری ڕێکخراوی (ITF)ی سلۆڤینیایی کە هۆکاری گواستنەوەی تیمەکانیان دابینیکردبوو پاککراوەتەوە؛ لە ئەنجامی پاکسازیکردن و پاککردنەوەی کێڵگەمینەکە، بە دەیان مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی دۆزرایەوە و دواتر لەناوبران.