Skip to the content

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەوڵەکانی بۆ گەیاندنی پەیامەکانی هۆشیاری بە هاووڵاتییان بەردەوامە

ڕۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیەوە لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان، پەیامەکانی هۆشیارکردنەوەی, گەیاندە دەیان گوند و ئاوایی و قوتابخانەی نزیک لە ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.

بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، تیمەکانی بەشی هۆشیاری و پاڵپشتیی قوربانیانی مین، بەمەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی، هەستان بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاریی بۆ کارمەندان و کرێکارانی گارگەی ئاسنی شار، لە ناوچەی پیشەسازیی تانجەرۆ و مامۆستایان و قوتابییان و دانیشتوانی گوندی قوڵقوڵە لە شارەدێی بەکرەجۆ، هەردوو گوندی عازەبان لە شارەدێی سیتەک و گوندی قزلەر لە شارەدێی بەکرەجۆ. هەروەها پێدانی ئاگایی لەبارەی هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مین، ژمارە (182).

هەورەها لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی پارێزگای دهۆک، تیمەکانی هۆشیاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەستان بە سەردانیکردنی چەندین قوتابخانە و گوند و ئاوایی لە سنوری پارێزگای دهۆک، لەوانە قوتابخانەی باروخ لە سێمێل، قوتابخانەی سنور بێسرێ و زیناڤا غازی لە قسروکێ، قوتابخانەی پێشڕەو و باغچێ ژێدەرێن زانستی لە سەنتەری پارێزگای دهۆک؛ بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک کەرستەی هۆشیارکردنەوەیان لە مین و تەقەمەنی کە خۆی لە لیفلێت و تێنوس دەبینەوە، بەسەر قوتابخانەکان دابەش کرد.

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە پەیامێکیدا بۆ هاووڵاتییان ڕایدەگەیەنێت: "لەئێستادا بەهۆی باران و لافاوەوە، مەترسیی ڕاماڵینی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی و دەرکەوتنیان لە نزیک کێڵگەمینەکان لە ئارادایە. لە هەر شوێنێک مین و تەقەمەنیت بەرچاوکەوت، دەستکاری مەکە، لێی دوور بکەوەرەوە و بێبەرانبەر پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (182) بکە".