Skip to the content

دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی 2025ی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2026، جەبار موستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکیی ساڵی 2025ی دەزگای گشتیی کاروباری مینی ڕاگەیاند و گوتی: "لەو ساڵەدا بە هەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی مینلابه‌ری دەزگای مین و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، توانراوە (2,708,250)م٢ لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە؛ کە خۆی لە (38) کێڵگە مین و (15) شەڕگە دەبینێتەوە. لە چاو ساڵی پێشتر ژمارەی کێڵگە مینی پاککراو زیاد کراوە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون به‌کاربهێندرێـت و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەماوە".

هەروەها باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنییانەش کرد، کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتیی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لەناوبراون؛ کە ژمارەیان بریتی بووە لە (29,346) مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک، پارچە تەقەمەنی سەرپێی (IED)، پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو (UXO)، کە هەر مین و تەقەمەنییەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی هاووڵاتی و گیانلەبەران و ژینگەکەكه‌مان.

لە درێژەی قسەکانیشیدا، ئاماژەی بە ژمارەی شەهید و برینداران کرد, کە لە ساڵی 2025 بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند: " ژمارەی قوربانییانی مین و تەقەمەنی لە سەرتاسەری کوردستان، بەداخەوە بەرواود بە ساڵی پێش خۆی زیادی کردووە و لەو ساڵەدا (29) بەرکەوتوو بە ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنیی تۆمار کراوە؛ لەو ژمارەیەش بەداخەوە (12) کەس گیانیان لەدەستداوە و (17)ی تریش بریندار و کەمئەندام بوون؛ بەشی زۆری ڕووداوەکان لە وەرزی بەهار ڕوویانداوە، کە هاووڵاتییان بۆ بەدەستخستنی گیا بەهارییەکان چوونەتە ناوچە مەترسیدارەکانی پیسبووی مین و تەقەمەنی".

سەبارەت بە ژمارەی سودمەندبووان لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی، سەرۆکی دەزگا باسی لەوە کرد، کە (41,742) کەس لە پیاو و ئافرەت و منداڵ، لەو ساڵەدا هۆشیارکراونەتەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی؛ هەروەها (48,269) کەرستەی هۆشیارکردنەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کراوە.a