ئەنجوومەنی راوێژکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بابەتی ئەگەری وشکەساڵیی تاوتوێ كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی ٢٠٢١/٤/١٣ بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە ئامادەبوونی بریکار و ئەندامانی ئەنجوومەنی راوێژکاری و به میوانداریی چەند کەسێکی شارەزایی ئەکادیمی لەبواری کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، به مەبەستی دیراسە و تاوتوێکردنی ئەگەری وشکەساڵی و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا.
دوابەدوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرجەم سەرنج و پێشنیار و ڕێگەچارەکان لە لایەن ب.گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و فەرمانگەکانی وەزارەت، لیژنەیەک ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنی گەڵاڵەنامەی پێشنیارەکان و کۆکردنەوە و یەکخستنی سەرجەم پێشنیار و رێککاری پێویستی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئهوهی له كۆبوونهوهی ڕۆژی چوارشەممەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بخرێته بهرباس ، ئهمهش به مەبەستی بڕیاردان لەسەر پرسی وشکەساڵی و بەرنامە و پلان و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی لهلایهن حکومەتی هەرێمی کوردستانهوه.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا چەندین پرسی پەیوەست بە کاروباری هاووڵاتیان و جوتیاران و خاوەن کارەکان و پرۆژەکانی پەرەپێدانی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ و پەلەوەری گفتوگۆی لهبارهیهوه كراو چەندین بڕیار و راسپاردەی گرنگ لەلایەن ئامادەبووان پەسند کران.