بێگەرد تاڵەبانی وهزیری كشتوكاڵ و سهرچاوهكانی ئاو، پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بەسەر دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئهمڕۆ ٢٠٢١/٤/١١ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەیاوەریی ستافێکی باڵای وەزارەت و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەردانێکی مەیدانییان ئەنجامدا بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای هەولێر.
ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە هەر گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لەسەر رووبەری ١٢.٠٠٠ دوانزە هەزار دۆنم زەویدا، ٢٠ سایلۆی گەورەی لە قۆناغی یەکەم لێ دروست کراوە، هەر سایلۆیەک توانای هەڵگرتنی ٥.٠٠٠ پێنج هەزار تەن گەنمی هەیە و لە توانایدایە ٣.٠٠٠ سێ هەزار کەس لە دەرچووان و دەستی کار بخاتە سەرکار، وا بڕیاره لە مانگی حەوتدا یەکەمین وەجبەی ئاردی خۆماڵیی کارگەکانی ئەم پرۆژەیە بکەوێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا ٨٥% ی کارەکانی دروستکردنی سایلۆکان تەواو بووە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێ کە بەرهەمی جوتیارانی ئەمساڵ وەربگیرێ، هەروەها کارگەکانی ئارد و ساوار و بروش و عەلەفی ئاژهڵی دەواجن و مەعکەرۆنی لە هەمان پرۆژە لە ئاستێکی زۆرباشدا بونیاد نراون.