له ساڵی ئاییندهدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،پاڵپشتییهكی تهواوی جوتیاران دهكات بۆ چاندنی پهتاتهی پیشهسازی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی ٢٠٢١/٤/٦ بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نوێنەرایەتی پێنچ کۆمپانیا و چەند جوتیارێکی بەرهەمهێنی پەتاتەی پیشەسازی، یاداشتنامەیهكی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەت و کۆمپانیاکانی (ئەربیل بەیروت ، لۆنا ، Golden Earth ،گرین عێراق ، زین سناکس ) واژۆ كرا.
لەسەرەتادا بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەدڵنیایی سەرخستن و گرنگیی ئەنجامدانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کرد و وەکو ئەزموونێکی تازەی بەرهەمهێنان، هیوای خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ پاڵپشتی جوتیاران و خاوەن کارگەکانی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی ناوەخۆیی و دابینکردنی خود بژێویی و قەدەغەکردنی هاوردنی پەتاتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران و گرتنەبەری ڕێکارەکانی یاسایی و کارگێڕی و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
دواتر نوێنەری جوتیارانی بەرهەمهێنی پەتاتەی پیشەسازی و خاوەن کارگەکان، چەندین پێشنیار ڕاسپاردەی پەیوەندیداریان خستە بهردهستی وەزیر و ئامادەبووانی وەزارەت، لای خۆشیهوه بەڕێوەبەری گشتی دارستان و باخداری و پاوان ، ئاماژەی بهوهدا كه بهرنامهی ئهوهیان ههیه لە ساڵی ئایندەدا زیاتر هاندان و هەماهەنگی جوتیاران بکەن بۆ چاندنی بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی لە بڕی پەتاتەی خواردن.
جێگای ئاماژەیە ئەنجامدانی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، بۆ بۆمەبەستی کڕینەوەی بەرهەمی ناوەخۆی جوتیاران و پاڵپشتیکردنی خاوەن پرۆژەکانە، کە دواتر لە فۆرمێکی تردا گرێبەستێکی وەرگرتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکان، بە ئاگاداری نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەنجام دەدرێ.