سیمینارێک دەربارەی گرنگی هەبوونی یاسای ئاو لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەمە ٣٠/٨/٢٠٢١ بە ئامادەبونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەت، سیمینارێک دەربارەی گرنگی هەبوونی یاسای ئاو لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن شوان جاف شارەزا لە بواری ئاو و ژینگە بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا باسی کۆمەڵێ زانیاری و داتای بەسود و دیراسە و باکگراوندە ستراتیژی و سیاسی و ئابوری و ژینگەییەکان و کاریگەری و هەوڵە جیهانی و ناوچەیەکانی کرا بۆ دەستگرتن و پارێزگاری و دابین کردنی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دانانی یاسایەکی پێشکەوتوی پارێزگاری و بەڕێوەبردنی ئاو.
دواتر بڕیاردرا کە هەماهەنگی و هەوڵەکان بەردەوام بن لە پێناو بەکارخستن و پەسندکردنی یاساکە لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستان .
بۆهەمان مەبەست لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێ بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە بەڕێوەبردن و بەرهەم هێنانی ئاو و هۆشیاری بەکارهێنانی ئاو بە بەشداری پێکردنی خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا و پەیوەندار بەم بابەتە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کارنامەکانی خۆیدا، لەم کابینەیە بەردەوامە بۆ رووبەڕوبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و پارێزگاری کردن لە سامان و ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی دامەزراوە فەرمیە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی ئاو.