Skip to the content

بڕیار لەسەر کلێشەیەکی یەکگرتوی بڕوانامەی تەندروستی رووەکی درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )-ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/8/4 بە سەرپەرشتی راوێژکاری وەزارەت رزگار حمد خدر  و ئامادەبوونی بەڕێزان ب.گشتی پلاندانان و ب. گشتی باخداری و دارستان و پاوان و سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی یاسای کەرەنتینەی کشتوکاڵی و لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەک لە ئاستی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کۆبونەوەیەکی هونەری گرنگ ئەنجام درا.
 بەمەبەستی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ وڵاتانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دوابەدوای دیاری کردنی مەرج و رێکارەکانی هەناردەی بەرهەمی جوتیاران لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
هەروەها بۆ دیاری کردنی بڕوانامەیەکی یەکخستووی تەندروستی ودیاری کردنی خاڵە سەرەکى و بنەڕەتیەکان کە یەکێکە لە مەرجەکانی هەناردەکردنی بەرهەم لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی سەر بە وەزارەت.
دوای گفتوگۆکردنی زانستیانە و پشتبەستن بە یاسا و رێنماییەکان و ستانداردی تایبەتی پشکنینی بەرهەمەکان و یاساکانی تایبەت بە کەرەنتینەی کشتوکاڵی و پاراستنی رووەک.
لە کۆبونەوەکە بڕیار لە سەر دیاری کردنی یەک کلێشەی یەکگرتووی بروانامەی تەندروستی رووەکی درا و لەداهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە  بەشێویەکی سەردەمی و مۆدێرنانە بۆ ئەوەی کە بازرگان و هەناردەکاران وکۆمپانیاکانی هەناردەکردن بتوانن مەرجەکانی هەناردەکردن جێبەجێ بکەن .
هەر لەو کۆبونەوەیەدا دیراسەی چەندین نمونەی هەرێمی و عێراقی کرا تایبەت به بروانامەی تەندروستی رووەکی و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی جوتیاران بۆ دەرەوە، کە بەرهەمی ناوەخۆی لە ئێستادا بەرهەمێکە خواستی زۆری لەسەرە و لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپی، بۆیە لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا کە بەزوترین کات بروانامەی تەندروستی رووەکی ئامادە بکرێت بۆئەوەی کە کارو گشتاندنی بۆ بکرێت، لە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو