Skip to the content

بۆ دروستکردنی (٩) بەنداو، دوو کۆمپانیای تورکی سیمینارێکیان پێشکەش کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە 2021/8/11 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای تایبەتمەندی وەزارەت، پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای هەردوو کۆمپانیای (بیرلیک و هایدرۆ دیزاینی تورکی) بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆسەی دروستکردنی( 9) بەنداوە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (PPP ) .
دواتر بۆ هەمان مەبەست بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەت، گرووپی کۆمپانیاکانی ناوبراو، دەربارەی ئەزموونی بونیادنانی بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ئاودێری و دیزاین و پڕۆژەکانی گلدانەوەی ئاو بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هاوبەشی نێودەوڵەتی سیمینارێکیان پێشکەش کرد .
هەردوو کۆمپانیاکە داخوازیی و پڕۆپۆزەڵی خۆیان پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە هاوشانی زیاتر لە (60) کۆمپانیای نێوخۆی و جیهانی بۆ دروستکردنی( 9 )بەنداوە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان ، کە لەماوەی ڕابردوودا ڕاگەیاندنی بۆ کراوە ،بۆ یەکەمین جارە بە شێوازی سیستمی هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتی (PPP  ).
دوابەدوای ناردنی  زانیاری پێویست و دیزاین و جەدوای ئابووری و لیستی بەنداوەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستادا لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیراسەی داخوازینامەی کۆمپانیاکان و توانای بونیادنانی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری دەکرێت .