بێگهرد تاڵهبانی ....داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دهكهم بەرهەمە خۆماڵییەکان بەکاربێنن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ڕۆژی دووشەمە ٢٠٢١/٨/٢ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندێکی باڵای وەزارەت، بە یاوەری ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و ئیداری ناوچەکە، سەردانی کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریریان کرد.
سەرەتا شاندەکە گەڕانێکی مەیدانیان بەناو کارگەکەدا ئەنجامدا و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە کارگەکە.
دواتر بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی کە هەنگاوی باش و گرنگی ناوە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی بەرهەمی تەماتە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەیەکی نزیکدا چەند بەشێکی تریش لە کارگەکەدا دەبێتەوە بە تایبەتی دروستکردنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی شەربەت و بە پاکێجکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
لە کۆتاییدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەرهەمە خۆماڵییەکان بەکاربێنن و زیاتر پشتیوانی ساغکردنەوەی بەرهەمی پڕۆژەکانی جوتیارانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بکەن.