Skip to the content

لە داھاتوودا گرینگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری دەدرێ لە قەزای کۆیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢١/٨/٣ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،  لەگه‌ڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنووری قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر كۆبۆوه‌.
ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی کێشەو گرفتەکانی جوتیارانی قەزای کۆیە و ناحیەکانی سەر بەقەزاکە، کە لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەکان خرانەڕوو.
 لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی، پشتیوانی وەزارەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دەربڕی، بەتایبەتی دەربارەی ھەوڵدان بۆ بەکار خستنەوەی کارگەی دۆشاوی تەماتەی کۆیە و دروستکردنی کارگەی پێچانەوە( پاکێجین ) و لە قوتوونانی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ سەرمایەگوزاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە ھەماھەنگی کەرتی گشتی بۆ پڕۆژەی سامانی ماسی و ساغکردنەوەی بەرھەمە خۆماڵییەکانی جوتیاران و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو لە ڕێگەی بونیادنانی بەنداو پۆندەکان و ھاندانی زیاتری جوتیارانی خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە سنووری گوندەکانی قەزای کۆیەو دەوروبەری.