Skip to the content

کێشەی گرانبوونی نرخی نان و ئارد تاوتوێ کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی ڕێكه‌وتی 2021/8/22، لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ،بە مەبەستی بەدواداچوونی کێشەی گرانبوونی نرخی نان و گرانبوونی نرخی ئارد، ڕۆژی 2021/8/24 بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیر و بریکارانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی و راوێژکاری وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو بە مەبەستی هەماهەنگی و هاوبەشی بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بە هەریەک لەو وەزارەتانە هەیە تایبەت بە پلانی هەر یەک لە وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی تایبەتمەندی لەسەر بابەتی گرانبوونی نرخی نان و ئارد، لەم کۆبوونەوەیەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆ کرا و داتاکان ئامادە کرا و دیراسەی گرانبوونی نرخەکانی نان و سەمون کرا لە نانەواخانەکان، وا بڕیارە کە کۆبوونەوەیەک لە ڕۆژی پێنج شەمەی داهاتوو ئەنجام بدرێت ،تایبەت بە بەدواداچوون و چارەسەری گیروگرفتە هاوبەشەکان .
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ڕێگەی تیمێکی باڵای تایبەتمەند ڕۆڵێکی باڵا و هەماهەنگی دەبێت لە  ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی واقیعیانە دەربارەی چاندنی گەنم و پێویستی بنەتۆ و پلانی ساڵی نوێ بۆ داچاندنی گەنم لەگەڵ بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان، بە پێی ئەو گرێبەستەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 
لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت ئەنجامی داوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لە داهاتوودا بابەتە گرنگ و پەیوەندیدارەکان پێکەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران باس بکرێت و گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت بۆ چارەسەری خێرا بۆ گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و بەرزبوونەوەی نرخی نان لە هەرێمی کوردستان .