Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە گرانبوونی نرخی پەینی کیمیاوی

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزارەت تاوتوێی هۆکارەکانی گرانبوونی (پەینی کیمیاوی) كرا ،سەرباری ئەنجامدانی ئەو هەنگاو و ڕێکارە گرنگانەی لەماوەی ڕابردوو نراون لە وەزارەت، بۆ پاڵپشتیکردنی دابەزاندنی نرخی پەینی کیمیاوی لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری وەزارت و ئاراستەکردنی نووسراوێکی فەرمی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارەی (5675 )کە تێیدا سەرجەم سەرنج و پێشنیار و داواکاریەکانی وەزارەتی تێدایە ئاماژە پێکراوە و بە وردی تیشك خراوه‌ته‌ سەر هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی پەینی کیمیاوی .
 لە هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەمان مەبەست راپۆرتێکی ورد و هەمەلایەن پێشکەش كرا بە مەبەستی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەو گیروگرفتانەی لەدابینکردنی پەین دێتەڕێی جوتیاران .بەشێوەیەکی گشتیی خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە : 
یەکەم / گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا کە بۆتە جێگەی باسی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهانی ،هەرێمی کوردستانیش لەم دیاردە جیهانیە بێ بەش نەبووە و تێکچوون و نالەباری دۆخی چاندنی بەدوای خۆیدا هێناوە ، بەوهۆیەوە کارگەکانی بەرهەمهێنانی پەینی نایترۆجینی تووشی داخستن و زیانی گەورە بوونەتەوە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی لە جیهاندا کەمی کردووە .
دووەم/بەهۆی هەڵکشانی نرخی گازی سروشتی و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەم لە وڵاتانی جیهان.
سێیەم/ پەتای کۆڕۆنا ،یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی پەین و خۆراک لە جیهاندا لە دەرئەنجامی هاتنی بەردەوامی شەپۆڵەکانی ئەو پەتایە.
چوارەم/ بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕوو(عرض) و زیادبوونی داوا ( طلب)لە کەرتی کشتوکاڵ ، کە ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پەین لەجیهاندا ،بەجۆرێک لە ئێستادا ،بۆ نموونە نرخی پەینی جۆری یۆریا لە بازاڕەکانی جیهاندا تەنی گەیشتۆتە 868 $ هەشت سەد و شەست و هەشت دۆلار ،بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2021 کە نرخەکەی بۆ هەر تەنێک 550$ پێنج سەد و پەنجا دۆلار بوو ،هەروەها لە ساڵی 2020 نرخەکەی تەنها 359$ سێ سەد و پەنجاو نۆ دۆلار بووە .وە نرخەکەشی لە ئێستادا لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە.
پێنجەم/ دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمه‌ریکی هۆکارێکی تری بەرهەڵستە بەرامبەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمەکەمان.
شەشەم/ لە ئێستادا هیچ کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان نییە ،کە پەینی کیمیاوی بەرهەم بهێنێ بۆ ناو بازاڕەکانی خۆمان ، لەکاتێکدا (4)مۆڵەتی فەرمی دراوە ،بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم کارگانە تەواو دەبن و دەکەونە ئاستی بەرهەمهێنانی ، پەین هەر لە دەرەوەی وڵاتان هاوردە دەکرێت ، بۆیە نرخی پەینیش لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبۆتەوە .
 بەهیچ جۆرێک هاوردەکردنی پەینی کیمیاوی قۆرغ نەکراوە ،بەپێچەوانەوە لەماوەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری ژمارە (5)ی ئەنجوومەنی وەزارەت لە 2021/1/28 بڕگەی سێیەم ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان ڕاسپێردراون کە ئاسانکاری بکەن بۆ هاوردەکردنی پەینی کیماوی و هەڵگرتنی رێیدی ساڵانە بەپێی  یاسا و ڕێنمایە کارپێکراوەکان .
بۆ ئەم مەبەستە لەپێناو پاڵپشتی جوتیاران و دابەزاندنی نرخی پەینی کیمیاوی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بانگهێشتی هەر کۆمپانیایەک دەکات ،چ لە وڵاتانی دراوسێ یان هەر وڵاتێکی تر،کە بتوانێ پەین هاوردەی ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بەنرخێکی هەرزان و گونجاو بیداتەوە جوتیاران ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو مۆڵەتی فەرمی پێده‌دات و هەموو کارئاسانیەکی بۆ ده‌كات.