هەنگەوانێک چەندین جۆر گوڵی سروشتی بۆ هەنگەکانی چاندووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵی گەرمیان بە یاوەریی بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەلار و ستافێک لە فەرمانبەرانی شارەزا، سەردانى هەنگەوانى نموونەیى صالح محمد امین یان کرد ،لە گوندى (سەید خلیل) کە خاوەنى (١٧٠) سندووقى هەنگە و زیاتر لە چوار دۆنم زەوى کشتوکاڵى چاندووە بە گوڵی سروشتی لە جۆرەکانى (سالڤیا ، لاڤیندەر ، زمانەگا -خبزالنحل- ڕەیحانە) بۆ هەنگەکانى.
ئەم هەنگەوانە نموونەییە یەکێکە لە هەنگەوانە بە توانا و شارەزاکانى سنوورى گەرمیان و بەردەوام لەکارى ئەزمووندارى (تجربە) دایە و ئامێرى پێشکەوتوو بەکار دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانى هەنگوین ، لەوانە ڕێگاى (هۆرنەر ، پیتاندنى دەستکرد) بەکار دەهێنێت بۆ پاراستنى نەژادى هەنگ. هەروەها پڕۆژەکەشى وەکو ناوەندێکى توێژینەوە بەکار دەهێنێت بۆ زانکۆ و خوێندکارانى زانکۆ و هەنگەوانانى سنوورەکە و بەشدارى لە چەندین سیمینار و خولى هەنگدارى کردووە لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێم.