جێگری سەرۆکی پەرلەمان و لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 2021/2/23 بێگەرد تاڵەبانی و ستافی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیان کرد لە د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی کوردستان و راوێژکاری لێژنەی کشتوکاڵی.
دواتر بە ئامادەبوونی شاندی باڵای هەردوو لا کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام درا بۆ مەبەستی باس کردن لە پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا.
لەسەرەتادا بێگەرد تاڵەبانی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی شاندی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی.
دواتر د.هێمن هەورامی سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد و بە یەکێک لە وەزارەتە گرنگ و چالاکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داناو و ئاماژەی بە هۆکاری سەردانەکەی بۆ وەزارەت کرد، کە بریتی بوون لە پێگەیاندنی سووپاس و پێزانینی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەپایەی چالاکی و هەوڵ و بڕیارەکانی وەزارت و گفتوگۆکردن دەربارەی جێ بەجێ کردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و جێەبەجێکرنی کارنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستن و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنمایەکانی وەزارەت و کێشەکانی زەوی و پرۆژەکان و کەم کردنەوەی رۆتین لە پرۆژەکانی پیشەسازی خۆراک لەلایەن بەڕێزیانەوە ئاماژەی پێکرا.
هەر لەمیانی کۆبونەوەکە لە لایەن ئەندامانی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری چەندین پرسیار ئاراستەی جەنابی وەزیر و شاندی ئامادەبوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرا.
دواتر لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە پرسیارەکان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکان درایەوە و ئاماژە بە هەنگاوەکان و بەربەست و کێشەکان کران.
لەکۆتایدا لە لایەن هەردوو لادا تاکید کرایەوە لە سەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لەهەرێمی کوردستان.