ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەنجامی سەفەرەکەی بۆ بەغدا و چەندین پرسی تری گرنگ تاوتوێ دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق، ( GOV.KRD)- ئەمرۆ 14ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەنجامی شاندە باڵاکەی وەزارەتی بۆ بەغدا و کۆبونەوەکانی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران و لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی بەووردی خستەروو، کە چەندین هەنگاوی ئیجابی نراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و تێگەیشتنی بەرچاو بەدیهاتووە، وەکو جەختکردنەوە لە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم و موچەی کارمەندانی بەنداوەکان و ڕێژەی ٪ ٢ ی بنەتۆی گەنمی جوتیاران و گرنگی دانی زیاتر بە بەروبوومی ناوەخۆی بازاڕەکان و هەماهەنگی و پەرەپێدانی هاوبەش لە تەواوی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەناوی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری سوپاسی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، کە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە میانی کۆبونەوە لەگەڵ لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لێژنەیەکی بەدواداچوونی پێکهێناوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ بەدواداچوون و تاکیدکردنەوە لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەشێکی تری ئەجێندای کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە وەڵامی کێشە و داواکارییەکانی جوتیاران و خاوەن پرۆژەکانی وەبەرهێنان کە لەسەرجەم فەرمانگەکان ئاراستەی وەزارەت کرابوو.
لەو کۆبونەوەیە تاکید کرایەوە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و باشتر ڕایی کردنی مامەڵەی کاروباری هاوڵاتیان و شیاندن و ڕاهێنانی فەرمانبەرانی سێکتەرە جیاکانی وەزارەت.
لەکۆتایدا بڕیاردرا بە دروستکردنی چەندین لێژنەی پسپۆڕی بۆ بەدواداچون و چاودێری کردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وە چەندین بڕیاری گرنگ پەسند کرا لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە.