وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRG)- ئەورۆ 18ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی راوێژکار و ب.گشتی فێترنەری و سامانی ئاژەڵ و بەڕێوەبەری راگەیاندن لەگەڵ کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان کۆبویەوە، بۆ مەبەستی گرنگی دانی زیاتر بە بەرهەمی هەنگەوانانی کوردستان و پارێزگاری کردنی هەنگوینی خۆماڵی و جیاکردنەوەی لە بازاڕەکانی تر.
لەم کۆبونەوەیە بڕیاردرا کە لەڕێگەی ئەم کۆمەڵەیە لەسەر ئاستی شارەکانی کوردستان فیدراسیۆنێکی سەرتاسەری هەنگەوانی دروست بکەن، بۆ مەبەستی لە خۆگرتنی هەموو بەخێوکەرێکی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە لە لایەن بەشداربووان و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تەئکید کرایەوە لە کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و ڕێگەگرتن لە هاوردەکردنی هەنگوینی نایاسایی ووڵاتان لە دەروازەکان و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
لەکۆتایدا چەندین پێشنیار و ڕاسپاردە لە کۆبونەوەکە پەسند کران لە پێناو خزمەت گەیاندن بە پرۆسەی بە خۆماڵی کردنی بازاڕی هەنگوین و پشتیوانی لە هەوڵ و داواکاریەکانی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان.