بێگەرد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدادیان کرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ رێکەوتی 11/1/2021 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد بۆ بەغدا، شاندەکە سەردانی وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیان کرد.
لەو دوو دانیشتنەدا بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەیوەندیدار، باسیان لە هەموو کێشە هەلپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی تایبەتمەند کرد، بەتایبەتی شایستە دارایەکانی جوتیاران و پارێزگاری کردن لە بەرهەمی ناوەخۆیی و بەبازاڕ کردنی بەرهەمەکان.
بڕیار وایە بەیانی لێژنەیەکی باڵای هاوبەش بەسەرۆکایەتی هەر دوو وەزیر کۆببنەوە، بۆ ئەوەی کە رێککەوتن بکەن، لەسەر هەموو ئەو خاڵە هاوبەشانەی، کە پێویستە هەردوو وەزارەت هەماهەنگی تەواوەتی بکەن، لە جێبەجێکردنیان و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ بەتایبەتی کەرتی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەروبومەکانی تر.
هەروەها لە هەمان ڕۆژ کۆبونەوەیەک ئەنجامدەدرێت لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ خستنەڕوی کۆمەڵێ پرۆژە و هەماهەنگی و گەیشتنە ئەنجامی گرنگ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
بەگشتی بڕیارە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندی یاوەری لەماوەی ئەو دوو ڕۆژە لە بەغدا سەردان و بەدواداچوونی چڕ ئەنجام بدەن بۆ کێشە و داواکاریەکان و هەماهەنگی و گەیشتنە ئەنجامێکی هاوبەش بۆ کارو پرۆژە و بڕیارەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق.