شاندێكی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێم سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ 13ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەیاوەری بریکار و لێژنەیەکی باڵا، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و لەلایەن د.بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و فراکسیۆنی کوردستانی پێشوازی لێدەکرێت.
دواتر لەگەل سەرۆکایەتی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری کۆبونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو، لەم دیدارە گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارو شارۆچکەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کرا.
جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامیدان بۆ هەولەکانی کردنەوەی بازاڕەکان بە ڕووی یەکتری و بۆ پالپشتی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوەخۆی جوتیاران.
وەزارەت ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگیەک لەبارەی ئەو یاسایانەی کە لە ئایندەدا سەبارەت بە سێکتەری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەردەچن
لەکۆتایدا جەخت لەوە کرایەوە لەلێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی عێراق کە لەڕەشنوسی یاسای بودجە لە پەرلەمان، پالپشت و هاوکاربن لە زیادکردنی بڕی پارەی دیاری کراو بۆ کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بەهەمان ئەو شێوازەی کە بۆ جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابین دەکرێت.