Skip to the content

هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کۆبونەوەیەکی فراوانیان ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق، ( GOV.KRD )-ئەمرۆ 13ی کانونی دووەم ( یەنایەر) هەرفوو وەزارەت کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەم کۆبونەوەیە کە کەریم سلێمان بریکاری وەزارەت و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، محمدامین فارس جێگری لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەیبوون، چەندین بابەتی گرینگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ خرانە ڕوو لەسەر بنەمای ئەو دڕافتەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم پێشکەشی کردبوو، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی هاوبەشی هونەری و پسپۆڕی پێکهێنرا خۆشبەختانە ئەنجامی باش و بەرچاو بەدی هاتووە لەسەر هەموو سێکتەرە کشتوکاڵیەکان و یەکتاکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی بۆ بڕیار و ڕاسپاردەکان و کەرتی دەواجن و ئاژەڵداری و توێژینەوە و ڕێنمایی و بنە تۆ و بەروبومەکانی تر ، هەروەها لەسەر کێشەکانی تری تایبەت بە هاوردە کردنی بەروبوم بە قاچاغ و ڕێگە چارەکان بە ووردی گفتوگۆکرا.

 

هەر لە میانی ئەم کۆبونەوەیە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی سەربڕخانەکانی کوردستان ئاماژە بە دانانی ستیکەر و باڕکۆد و لۆگۆی تایبەتی وەزارەت لەسەر بەرهەمەکان کرا. کە ئەم پڕۆژەیە بو بە مایەی پێشوازی و ڕەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە نمونەیەک لە پڕۆژەکە بە کوالێتی بەرز پێشکەشکرا ، بۆ ئەوەی بەرهەمی سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان بناسرێتەوە لە بازاڕەکانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق.

 

لە کۆتایدا بڕیاری جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنە باڵاکە لە نێوان هەردوو وەزارەت درا، وەزیری کشتوکاڵی عێراق و ستافێکی تایبەت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئەوەی ئەو سەردانانە ببنە مایەی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا کە لەبەرژەوەندی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقە بەگشتی.