بێگەرد تاڵەبانی، عەلوەی هاوچەرخی هەولێری بەسەرکردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەمە 2021/7/12، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەیاوەری بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی وەزارەت، عەلوەی هاوچەرخی هەولێری بەسەرکردەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم بەسەرکردنەوەیە بریتی بوو لە بەدواداچوون لە پرۆسەی کاروبارەکان و هەنگاوەکانی پێشکەوتنی ئەم عەلوەیە.بەتایبەتی لەم عەلوەیە سیستمێکی خزمەتگوزاری دابینکراوە بۆ پاڵپشتی جوتیاران کە بریتییە لە گەڕاندنەوەی پارەی کرێی گواستنەوەی بارەکان بۆ جوتیاران و کڕیاران کە یەکەمین جارە پەیڕەو دەکرێت .
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و گوتی وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جوتیارانمان دەکەین و ئاماژەی بەو رێککارانە کرد کە وەزارەت گرتۆتیە بەر بۆ ئەوەی جوتیاران لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانیان بەئاسانی بتوانن لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەروبوومەکانیان ساغ بکەنەوە.
دواتر سەردانی مەیدانی ژمارەیەک لە جوتیارانی عەلوەکەی کرد و لە نزیکەوە گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی جوتیاران لە عەلوەکە بوو.
هەر لەمیانی سەردانەکەیدا پڕۆژەیەکی هاوچەرخی بونیادنانی خانووی پلاستیکی بەسەرکردەوە کە لەلایەن کۆمپانیای جەمرەی تورکی دروست دەکرێت و لەماوەیەکی نزیکدا کارەکانی تەواو دەبێت.